Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

چاوی گەل/ دیمانە لەگەڵ بەڕێز عارف کەریم/ ستۆکهۆڵم

arif karimبۆ گەشەپێدانی بیر و هزری سیاسیی و ڕادەربڕینی ئازادانە ، دوور لە هەموو بریندارکردن و لایەندارییەک، بۆ دۆزینوەی چارەسەرە گونجاوەکان بە پێی ئەم قۆناغەی پیاییدا تێدەپەڕیین، بۆ گەشەدان بە دیالۆگێکیی زانستییانە و عاقڵانە، بۆ وریاکردنەوەی یەکتریی، بۆ بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییەی کە هەڵبژاردنەکان و دەستور و هەموو پرۆژە سیاسیی و یاساییەکان پێویستە لە ڕاژەی دروستکردنی وڵات و کۆمەڵگایەکیی دیموکرات و دادپەروەر و ئازاددابێت، لە ڕاژەی دروستکردنی هاوڵاتیی بووندابێت، لە ڕاژەی دروستکردنی تاکێکی سەربەرز و هوشیاری کوردابێت، هوشیاریی لە پرسە نەتەوەییەکان و پرسە نیشتیمانییەکان و پرسە مرۆییەکان، لە پێناوی ئەمانە هەموویدا چاوی گەل بە پێویستی زانیی بەم پرسیارانە بێتە لای بەرێزت و هیواداریین بە سنگێکی فراوان و ئەو پەڕی بێلایەنییەوە وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە. هیواداریین ئەوەمان لێقبوڵبکەیت کە پرسیارەکان زۆرن و هەمەلایەنن. هیواداریین وەڵامی دواپرسیاریش بدەیتەوە و پێماننەڵێییت ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن بکەنەوە.
چاوی گەل/ بە وتە و لێدوانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، دەستوری کوردستان هیچی نەماوە و تەواوە و تەنیا ڕاپرسیی ماوە. ئەم حیزبە دڵێت: “بۆ ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە كەڵك لە دەستوری 40 وڵات وەرگیراوە و، حەوت ساڵی خایاندووە هەتا ئامادە كراوە و ڕا و بۆچوونی پسپۆڕانی بیانی و نێوخۆیی وەرگیراوە و بەر لەوەی لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت 5000 پێشنیاریان لە لایەن چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە پێگەیشتووە، پاشان لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 96 ئەندام بڕیار درا بدرێتە ڕیفراندۆم و بە یاسایەك ڕەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا”.
هەروەها 900 هەزار دانە لەو پڕۆژەیە چاپ كراوە و لەڕێی بریكارەكانی خۆراكەوە بۆ هەموو خانەوادەیەك نێردراوە. دەستور هەموو قۆناغەکانی برییوە و پێویستە ڕاپرسیی خەڵکی کوردستانی لەسەر بکەرێت و تێپەرێنرێت.
کۆدەنگییەکیش لە نێوان هەرسێلایەنی ئۆپۆزسوێن و دەرەوەی ئۆپۆزسوێن و بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی و زرۆێک لە ڕۆشنبیران و خەڵکی گشتی و چاودێرانی سیاسییهەیەو پێییانوایە کە دەستور ناتەواوە و پێویستە بگەرێنرێتەوە ناو پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوە، بە تایبەتی هەموارکردنەوەی هەندێک پرسی نیشتیمانی وەک دیاریکردنی سنوری کوردستان کە لە دەستوردا خراوەتە ژێر ڕەحمەتی ماددەی ١٤٠ی دەستوریی عێراقییەوە و، هەموارکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم بە جۆرێک کە ئەو دەسەڵاتانە کەمکرێتەوە تا ئەو ئاستەی کە سەرۆکی هەرێم لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەماندا بێت نەک بە پێچەوانەوە وەک لە دەستوردا هاتووە، دیسان هەموارکردنەوەی هەندێک مادەد و بڕگەی تری ناو دەستور.
لەم کێشمەکێشەدا بەرێزت چیی دەڵێییت و چ خوێندنەوەیەکت هەیە؟ تکایە وەک کەسێکی بێلایەن و ڕۆشنبیرێک ڕوونیکەرەوە؟ کام لەم دوو لایەنە لەسەر حەقە و چۆن؟ کامیان دیموکراتییانەترە؟ ڕای کامیان زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە بە گشتی؟

عارف کەریم:
پرسی ڕاپرسی لەسەر پرۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان هەراوزەنایەکی گەورەی ناوەتەوە و دەسەلاتی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و شەقامی کوردی تەواو سەرقاڵ کردووە . پرۆژەکە لە ساڵی 2002 دا لەپەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە و 36 حزبی کوردستانی پەسەندیان کردووە ، لەجارێکی تردا و لە 24 ی حوزەیرانی 2009 دا پرۆژەیەکی تری نوێ براوەتە پەرلەمانی کوردستان ، بەئامادەبوونی 97 پەرلەمانتار لە کۆی 111 پەرلەمانتارو بە دەنگی 96 ئەندام پەسەند کراوە کەلە 122 مادە پێکهاتووە . هەر هەمان پرۆژە کەڵکی لە دەستووری چەند وڵاتێک وەرگرتووە جگە لە راوێژکردن بە پسپۆرانی بیانی و نێوخۆیی ، هەروەها ئەو پێشنیارانەی لەلایەن چین و توێژە جیاجیاکانەوە گەیشتوونەتە پەرلەمان ، بەهەند وەرگیراوە ، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیۆن دانەی لێ چاپ کراوە و گەیێندراوەتە خانەوادەکانی کوردستان .
ئەمانەی سەرەوە پشتگیری یاسایین بۆ ڕاوبۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و درۆو بوختان نین ، بەلام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتەدا مەسەلەی ڕاپرسی لەسەر دەستوور وروژێنرا و ئەی بۆچی پێشتر ئەم غەڵبە غەڵب و مشتومڕەی لەسەر نەکرا ؟بۆچی سەرۆکی هەرێم لەوتارەکەی ڕۆژی 27/05/2013 وتی : بەبێ قسەی میللەت دەسەڵاتی هیچ کەس و لایەنێک نییە پرۆژەی دەستوور بگەڕێنێتەوە بۆ هەموارکردن ؟
بۆ وەلامی ئەم پرسیارە پێویستە ئاماژە بەڕاستییەک بکەین و لە خەڵکی نەشارینەوە و هەموو کاتێک بیدەینەوە بە چاوی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا ، ئەویش ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی لەمێژەوە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە لە کوردستاندا و بەخۆشی بێت یان ناخۆشی پەنجا بە پەنجا بەشیان کردووە لە نێوانی خۆیاندا ، سەرباری ئەوەی کەی ویستبێتیان شەڕیان هەڵگیرساندووە تا ئەو جێیەی تێریان خواردووە لە ڕشتنی خوێنی خەڵک ، دواتریش هاتوون ئاشتیان ڕاگەیاندووە و بەیاننامەی جۆراوجۆریان مۆر کردووە ، هەروەکوو نە بایان دیبێ و نە باران ، ساڵانێکی دوورو درێژ ، ئێستایشی لەگەڵدابێت جوگرافیای کوردستان و ئیدارە و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەر و ئاگردانی ماڵی کوردیان کرد بە دوو کەرتەوەو چۆنیان ویست وایان لێکرد . جالەبەرئەوەی ئەم دوو حزبە پێشتر واتە پێش 25/07/2009 زلهێزی مەیدان بوون و کەس نەیتوانیوە یان نەیوێراوە چ لەڕیزەکانی خۆیاندا و چ لەدەرەوەی ڕیزەکانی خۆیاندا ورتەی لێوەبێت ، خواهەڵناگرێ ئەوانیش ئەوەندەی لەخەمی دەسەڵات و گیرفانپڕکردندا بوون ، ئەوەندە لە خەمی پەرلەمان و دەستوور و مەسەلە کوردستانی و چارەنووسسازەکاندا نەبوون ، ئیتر چۆنچۆنی لەهەلومەرجێکی وەهادا ئەم دوانە دەستوور هەمواربکەنەوە؟ بۆچی خەلک گلەییان لێبکات ؟! بۆیە مەسەلەی ڕاپرسی لەسەر دەستوور بە هەڵبەسێردراوی مایەوە و کەس خۆی تێنەگەیاند و تۆزی لێنیشت !!! .
هەتا ئەو کاتانە ئێمە( بە ئێستایشەوە ) هەرێمێک بووین بەبێ دەستوور و یاسا ، وەکوو منداڵێکی بێ باوک ! یان خانویەک بەبێ تاپۆ . ئیجتیهاداتی شەخسی ، چاو سوورکردنەوە و زۆرەملێی تاک و حزب جێی یاساو دەستووریان گرتبۆوە و بەو پێیە دێگەلە بوو بە خاڵی سنووری یەکێتی و پارتی و کار گەیشتە ئەوەی لەم دواییانەشدا ئەندامێکی دیاری مەکتەب سیاسی یەکێتی نەیتوانی بەوێدا تێپەڕیت و بچیتەوە شاری باب و باپیرانی خۆی!!!
دەربارەی ئەوەی بۆچی لەم کاتەدا پارتی و سەرۆکی هەرێم مەسەلەی ڕاپرسیان لەسەر پرۆژەی دەستوور وروژاند ؟
پێش دەستوور ، پرسی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بۆ خولی سێیەم یاخود خۆکاندیدکردنەوەی ئەو بۆخولی سێیەم لایەنە سیاسییەکانی خەریک کردبوو ، هەندێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی ینک هەتا کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەلا بەختیار و فازیل میرانی پێیان وابوو کە بەدیل نییە بۆ سەرۆک بارزانی و هەر لەوێ وە موژدەی پشتگیریی لە خۆکاندیدکردنەوەیان پێدا و بەختی خۆیان خستە دەستی پارتی و خێرا بەیعەتیان بە سەرۆک کرد ، دەتگوت هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیوەتەوە.
دوابەدوای ئەمە دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵک لە ئەنجوومەنی ناوەند و سەرکردایەتی یەکێتی و مەڵبەندەکان و مەکتەبە جیا جیا حزبییەکان و جەماوەرێکی زۆری یەکێتی بەرز بووەوە دژی بۆچوونەکانی مەلا بەختیار و خێرا پاشەکشەیان پێکرد و ناچاریان کرد بڵێ : سەرکردایەتی چی بریار بدات من لەگەڵ ئەوەدام !! ئەوەبوو لەم دواییەدا لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتیدا سیاسەتێکی نوێیان وێناکرد و داڕشتەوە کە جێی رەزامەندی ڕیزەکانی یەکێتی و خەڵکی واقیع بین بوو .
لەپاڵ ئەمانەدا سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن ( گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ ) و ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدارو نووسەر و ڕۆشنبیر و پسپۆر و یاساناسی گەلەکەمان سەلماندیان کە خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆک کارێکی نایاساییە چونکە بە پێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، سەرۆک بۆی هەیە تەنها دوو خول خۆی کاندید بکاتەوە ، بۆ ئەم مەبەستە کەنالەکانی KNN , NRTدەیان بەرنامەیان ڕێکخست بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرۆک و پارتی و ڕاگەیاندنەکانی ئەوان ، دەیان وتارو لێکوڵینەوە لەم گۆڤار و لەو ڕۆژنامە بڵاوکرایەوە کە گاریگەری گەورەی دانا لەسەر بیرو بۆچوونی خەڵکی کوردستان .
ئێستا پارتی زۆر چاک دەزانێ ، ئەگەر سەرۆکیش بە زۆرەملێ خۆی کاندید بکاتەوە ، ئەوا خۆیانن کە دەنگ بە خۆیان دەدەن و لەوانەیە ئەو دەنگانە بەدەست نەهێنن کە پێویستە و هەڵبژاردنەکە بدۆڕێنن ، هەتا ئێستاێش پارتی دەڵێ : هێشتا سەرۆک بریاری نەداوە کە خۆی کاندید بکاتەوە ، لەبەرئەمانەیە کە ئەوان بایانداوەتەوە بە لای ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوور وەکوو چانسی دوایی تاپێی بێنەوە مایە کە ئەویشیان یاسایی نییە بە حوکمی ئەوەی دنیای ئەمڕۆ دنیای دوێنێ نییە و لەدوای 25/07/2009 وە سێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەیدابوون ( گۆڕان،یەکگرتوو،کۆمەڵ) کە لە ململانێیەکی شەریفانەدان لەگەڵ دەسەڵاتدا سەبارەت بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و پارەوپوولی ئەو میللەتە هەژارو لێقەوماوە ، ئەمە جگە لە ڕاوبۆچوونی دەیان کەسی پسپۆرو شارەزا و یاساناس و ئابووری ناس کەپێیان وایە بەپێی یاسا دەبێ پرۆژەی دەستوور بگەرێنرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە بەسەر چەند خاڵێکی گرنگدا وەکوو دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم کە دیکتاتۆریەت بەرهەم دێنێ بەم شێوەیەی ئێستای ، هەروەها چەند خاڵێکی پەیوەند بە دەسەڵاتی دادوەری و سنووری کوردستان کە بە مادەی 140 ی دەستووری عێراقی گرەوی لەسەرکراوە و هەتا ئێستایش دەسەڵات شیوەن و گریانی بۆدەکات و هەر دەیڵیتەوە و هەر دەیڵیتەوە .
دەبێ پارتی و یەکیتی قەناعەت بەوە بکەن کە پێشتر بە هۆی ئەوەی هەدولایان کەڵەگابوون بەسەر سەری هاوڵاتیانەوە ، نەتوانراوە هیچ شتێک بکرێت و ئەمڕۆ کەشوهەواکە ، دنیاکە ، دەنگ و ڕەنگە زۆرو جیاوازەکان لەبارترن بۆ پیاچوونەوە بە پرۆژەی دەستووری هەرێمدا .
جگەلەمانە پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆپیشاندانەکانی 17 ی شوبات و لە ڕۆژی 17/03/2012 وە بریاری ژمارە 2 ی پەسەند کردووە کە لە 10 مادە و 36 خاڵ پێکهاتووە و ناوەڕۆکەکەی برێتییە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری قەیران و کێشە سیاسی و یاسایی و ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان ، هەروەها هێلە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی دیاری کردووە . ئەم بریارە لە وەقایعی کوردستاندا بڵاو نەکراوەتەوە جگەلەوەی کاریشی پێنەکراوە .بەپێی بریاری ژمارە دوو دەبێ پرۆژە یاسای دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان .
جگەلەمانە ئەو لیژنەیەی کاتی خۆی نووسینەوە و پێداچوونەوەی دەستووری خستە ئەستۆی خۆی ، پەرلەمان هەڵێبژاردبوو ، بۆیە بریاری پیداچوونەوەش بەرەوڕووی پەرلەمان دەبێتەوە بەپێی یاسا .
سەرۆکی هەرێم چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا وەکوو سەرۆک قسە بکات بۆ خەڵک و قەیرانەکان قووڵنەکاتەوە بۆئەوەی لێکترازانی سیاسی روونەدات و هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی ئاژاوە وپشێوی و خوێن ڕشتن نەبێتەوە و ببێتە خاوەنی دەستوورێکی خۆی . بە پێچەوانەی ئەمەوە لە وتارەکەی 26ی ئایاری 2013 دا سەرۆک پێی داگرت لە سەر مەسەلەی ڕاپرسی کە نازانرێ ئەنجامەکەی چیدەبیت ! چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کە دەنگی زۆر نەهێنێ و قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی تێکبچێت ، بەپێچەوانەشەوە ، ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان گرەوەکەی بردەوە و زۆری دەنگەکانی هێنا ، ئەوا سەرۆک و پارتی پێی ڕازی نابێ و لایەکانی تر تاوانبار دەکەن بە تەزویرکردن و عوزر لە قەباعەت خراپتر !!!
ئەی کەوابوو چار چییە ؟ پرۆژە دەستوورەکە پێش ڕاپرسی یان دوای ڕاپرسی بخرێتە دەنگدانەوە ، بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی گەڵ سوورن لەسەر ئەوەی پێداچوونەوە بکەن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمدا .
بەبروای من چارەسەری ڕاست و درووست ئەوەیە کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و ژمارەیەک پسپۆر و یاساناس و ئابووری ناس و سیاسەتمەدارو نووسەرو ڕۆشنبیری گەلەکەمان پێکەوە کۆببنەوە و ڕێگای دیالۆگ بگرنە بەر بۆئەوەی هەرێم لەم قەیرانە گەورەیە ڕزگار بکەن .
چاوی گەل/ بەڕای بەرێزتان ئەگەر دەستور بخرێتە بەردەم ڕاپرسییەوە ڕێژەی دەنگدانی یاسایی خۆی دەهێنێت؟ ئەگەر ئەو ڕێژەیەیی هێنا ئەوە دەبێت بە شکست بۆ ئۆپۆزسیۆن و، سەرکەوتن بۆ پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا؟ ئەگەر ئەو شکست و سەرکەوتنە لە لایەن پارتیی و ئۆپۆزسیۆنەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە و وا وەرگیراوە! کەواتە ڕاپرسی لەسەر دەستور لەم کاتەدا جۆرێکە لە بانگهێشتی هەڵبژاردنەکان؟ ئەگەر وایە؟ ئەمە بە سیاسییکردنی دەستور نییە کە بە دایکی هەموو یاساکان دادەنرێت؟

عارف کەریم:
لەڕاستیدا دەستوور کە چەتری یاساکانە و بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی لایەنەکان و دەنگە جیاوازەکان پشتی پێدەبەسترێ و کاری پێدەکرێ ، دەبێ ئەو دەستوورە بێت کە جێی ڕازیبوونی زۆربەی هاوڵاتیان بێت و خواست و هیواو خەونەکانی ئەوان لەو دەستوورەدا رەنگبداتەوە. بەپێچەوانەی ئەمەوە هەموو دەستوورێک کە خواست و ئارەزوو و خەونی لایەن و سەرۆک حزبێک ڕەنگی تێدا بداتەوە و بۆ بەرژەوەندی حزبی و ئیجتیهاداتی شەخسی بەکاربێت و ئازادییەکانی خەڵک زەوت بکات و میللەت لە زیندانا توندبکات ، ئەوە دەستوورێکی مردووە و ناتوانێ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکات و تاکەکانی کۆمەڵیش دەنگی پێنادەن و ئەگەر بشخرێتە دەنگدانەوە ئەوا ڕێژەی دەنگدانی یاسایی ناهێنیت و شکست دێنێت .
کەوابوو ڕێی تێدەچێ هەموو دەستوورێکی تێروتەسەل بە ماددە و بڕگەی بەنرخ و لە بەرژەوەندی گەل دەنگی پێبدرێت و ببێتە سەنەدێکی یاسایی تائەو جێیەی لە قۆناغێکی تردا و پاش ڕووداو و گۆڕانکاری سیاسی گەورە گەورە و وەرچەرخانی مێژوویی هەندێک یان زۆر لە ماددە و بڕگەکانی پیاجوونەوەی پێدا دەکرێت و جارێکی تر هەڵدەسەنگێردریتەوە بەو شێوەیەی خزمەتی کۆمەڵگا و هەموو لایەنەکان بکات.
ئەو مشتومڕو ململانێیەی کە ئەمڕۆ لە سەر دەستوور هەیە لە نێوان پارتی لەلایەک و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و گەل لە لایەکی تر دەتوانی ناوی بانگەشەی هەڵبژاردنی لێبنێیت و بەو شێوەیەی پارتی دەیەوێ ناچێتە سەر و لە دوایین جاردا شکست دێنێ، چوونکە پارتی بەرگی سیاسی و حزبی لەبەرکردووە و دەیەوێ بۆ بەرژەوەندی حزبەکەی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ئەم شەڕە بکات .
چاوی گەل/ کێشەیەکی تری ئەمڕۆی ناو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵک بە گشتی قسەکردنە لەسەر ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە خەڵکەوە بێت، بەڵام ئۆپۆزسوێن و فراکسوێنی هەرسێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکە دەیانەوێت لە پەرلەمانەوەبێت. ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە لایەن خەڵکەوە بێت یان لە لایەن پەرلەمانەوە بێت چ جیاوازییەکی سیاسیی و یاسایی هەیە؟ بەڕای بەرێزتان کامییان بۆ بە دیموکراسیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان باشترەو و چۆن؟

عارف کەریم:
پێش هەموو شتێک پیویستە ئێمە هەموومان ئەو ڕاستییە لەیاد نەکەین کە عێراق لە دوای ڕووخانی سەددامەوە بۆتە خاوەنی دەستوورێکی هەڵبژێردراو لەلایەن میللەتەوە و لەو دەستوورەدا ئەوە نووسراوە و دیاری کراوە کە سیستێم لە عێراقدا سیستێمێکی پەرلەمانییە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کۆماریش هەمووی دەسەڵاتی تەشریفاتییە و هیچی تر . بەو پێیە هەرێمی کوردستانیش کۆمارێکی سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عێراق و دەبێ سیستێم لە کوردستانیش پەرلەمانی بێت و ئەگەر خاوەنی سەرۆکیش بێت دەبێ رەمزی بێت . دەکرێ سیستێمی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا کۆماری و پەرلەمانیش بێت وەکوو لە وڵاتانی فەرەنسا و فینلەندا و نەمسا هەیە و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بە جیا دیاری بکرێت ، لەم حاڵەتانەدا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار زۆر دەبن تا ئەو جێیەی دەتوانێ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان بپرسێتەوە و بریار لەسەر حاڵاتی کوتوپڕی تایبەت لە وڵات بدات بەهۆی تێکچوونی باری سیاسی نێودەوڵەتی و نیگەرانی خەڵک لە ناوەوەی وڵات . هەڵبژاردنی سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوە دەگەیەنێ کە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی ناو پەرلەمان ، واتە حزبە سیاسییەکان متمانە بەسەرۆک دەکەن و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکەن . خۆ ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆک لە ڕێگەی خەڵکەوە بوو ، ئەوە دەروازەیەک دەخرێتە سەر پشت بۆئەوەی کاندیدی زۆر بێتە مەیدان و کێبڕکێ بکەن لە نێوانی یەکدا و مەرج نییە لەم حاڵەتەدا سەرۆکی هەڵبژێردراو سەر بە حزبێک بێت یان مەرج نییە ئەو سەرۆکە بیروبۆچوونی وەکوو سەرۆک وەزیران بێت کە پەرلەمان هەڵیدەبژێرێت ، بۆ نموونە کاتی خۆی فرانسوا میتران ی سوشیالیست بەسەرۆک کۆماری فەرەنسا هەڵبژێردرا ، بەلام سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا جاک شیراک ی سەرمایەدار و یەمینی بوو کە ئاسمان و ڕیسمان بوون ، بەلام بەهۆی ئەوەی سیستێمی دیموکراتی ئەوانی هێنایە سەر حوکم ، کارەکە بەباشی دەڕۆیشت .
ئەگەر لە کوردستاندا بە پێچەوانەی ئەمەوە بێت و سەرۆک بیەوێ دەرگا دابخات لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان و لە سەرو یاساو پەرلەمان و حکومەت و سیستێمی دادپەروەرییەوە خۆی ببینێتەوە ئەوا بێگومان مانای ڕاپێچکردنی میللەتە بەرەو زیندان و ئەوسا دەبێ داوای ئازادی و سەرفرازی بۆ میللەت بکرێت کە بەم شێوەیە مافەکانی پێشێلدەکرێت و زەوت دەکرێت .
چاوی گەل/ زۆرێک لە چاودێرە سیاسییەکان پێیانوایە کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی شارەکانی کوردستان لە ٢٠١٣ دا بۆ چوار ساڵی ئایندە چارەنوسسازە؟ ئایە ئەوە وایە بە خوێندنەوەی بەڕێزتان؟ ئەگەر وایە چۆن و لە چییدایە ئەو چارەنووسسازییە؟ ئایا بەشێک لەو چارنووسسازییە پێوەندی بە گۆرانکارییەکانی ناوچەکەوە هەیە؟

عارف کەریم:
پەرلەمان لە هەموو وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتدا دایکی یاساکانە و لوتکەی دەسەلاتی یاسادانانە و بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە و بەرپرسە لە ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا و دیارێکردنی شێوازی حوکمرانی لە وڵاتدا و هەروەها ڕێکخستنی پەیوەندی تاک بەتاک و تاکیش بە حکومەتەوە لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەرک و مافەکانیان و سەیرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ بە چاوێکی یەکسان . بێگومان هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی لەم بابەتە تا بڵێی چارەنوسسازە چونکە تاکە دەسەڵاتە کە بەرپرسیارە لە دیاریکردنی ماف و ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵ .
بەپێچەوانەی ئەمەوە بەبڕوای من هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەهۆی ئەوەی بەشێکن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بە پێی ئەو ماددە و بڕگانە کاردەکەن کە یاسا بۆیانی دیاریکردوون ، لەبەرئەمانە قورسایی و نرخی پەرلەمانیان نابێ و جێی ئەویش ناگرنەوە ، بۆیە ناتوانی بڵێی چارەنوسسازن ، ئەوە دیکتاتۆرەکانن کەخۆیان لە سەروو یاساو دەستوور و حکومەتەوە دەبیننەوە و سیستێمی دیکتاتۆری بە چارەنوسسازیان دادەنێ و چەپڵەیان بۆ لێدەدات وەکوو بۆ سەددام و حوسنی موبارەک و موعەمەر قەززافیان کرد .
کورد تێری لە سیستێمی دیکتاتۆری و پیاوکوشتن خواردووە و خەون بە پەرلەمانێکەوە دەبینێ کە هی هەموو میللەت بێت و لەسێبەریدا هەموو تاکێکی کۆمەڵ بێ وەی بحەسێتەوە دوور لە چاوسوورکردنەوە و ڕاونان و گرتن و ئازاردان و ئەشکەنجەدان و کوشتن و بڕین . کورد بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەتوانێ ببێتە خاوەنی پەرلەمانێکی لەم بابەتە و بە مافە ڕەواکانی شاد بێت.
چاوی گەل/ کاتی خۆی بڕیار وابوو لە 25/ 7 / 2009 دا، لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان وسەرۆكایەتی هەرێم دا، راپرسیش لەسەر دەستوری هەرێم بكرێت. بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە لە تواناییدا نییە ئەو راپرسییە ئەنجامبدات. بۆیە بە یاسای ژمارە 10 ی ساڵی 2009 كاتی ڕاپرسیەکە خراوەتە رۆژێكی نادیار. بە ڕای بەرێزتان بۆچی دوای ئەو هەموو کاتە دوور و درێژە ئێستا لەم کاتەدا کە چەند مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان پارتی هێندە سورە لەسەر ڕاپرسیی دەستور؟ ئەگەر ئەو دواخستنە وەک سیناورێیەکی سیاسیی لە لایەن پارتییەوە ئەنجامدرابێت!، ئەی هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسوێن کەمتەرخەمنیین لەوەی لەو ماوە دوور و درێژەدا نەیانتوانیوە پێدابگرن لەسەر گەرانەوەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان؟ لە کاتێکدا بە گوێرەی بڕگەی 2ی ماددەی یەكەمی هەمان یاسا (یاسای ژمارە 10ی دواخستنی ڕاپرسییەکەی دەستور) دیاریکردنی رۆژی ڕاپرسی لە دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدایە.
چاوی گەل/ دوای ٢٣ ساڵ لە ڕاپەڕینیی خەڵکی کوردستان و ١٠ ساڵیش دوای ڕوخانی ڕژێمی فاشیی بەغداو سەدام حسەین دیموکراسیەت و ئازادییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

عارف کەریم:
لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا تیشکم خستۆتە سەر هۆکارەکانی دواخستنی پرسی ڕاپرسی لەسەر پرۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان و ئێستایش بەکورتی ئەوە دووپات دەکەمەوە کە پارتی و یەکێتی لەپێش درووستبوون و لەدایکبوونی ئۆپۆزسیۆندا تاکە زلهێزی مەیدان بوون و زیاتر لە خەمی دەسەڵات و پارەوپوولدا بوون و بەئارەزووی خۆیان شەڕیان هەڵگیرساندووە لەو پێناوەدا و خوێنی خەڵکیان بە فیڕۆ ڕشتووە هەتا ئەو جێیەی ماندوو بوون لە شەڕکردن و دوایی ئاشتییان سازکردووە لەسەر حسابی خەڵکی بێتاوان ، هەر بۆیە پرۆژە دەستووری ساڵی 2002 کە مەسعود بارزانی باسی لێوەکرد و 36 حزب پەسەندیانکرد ، تۆزی لێنیشت و هیچ لایەک لە پارتی و یەکیتی بەلایدا نەچوون چونکە کەس نەبوو لێیان بپرسێتەوەو هێشتا ئۆپۆزسیۆنیش پەیدا نەبووبوو ، ساڵەکانی دوای ئەوەش بەتایبەتی 2009 کە پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر دەستووری هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد دیسان دەستوورەکە خەوی لێکەوتەوە و کەس گوێی نەدایە بە تایبەتی سێ حزبەکەی ئۆپۆزسیۆن کە کەمتەرخەم بوون و دەبوایە وەکوو ئێستا ئەو مەسەلەیەیان بوروژاندایە و بیانوتایە هەرێمی کوردستان بەبێ دەستوور نابێت و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەمواربکرێتەوە .
بەکورتییەکەی ئێستا بەرژەوەندی گەلەکەمان لەوەدایە کە پرۆژەی دەستوور جارێکی تر لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری یەکێتی و بەرەی گەڵ بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوە و پیاجوونەوە بەو ماددە و بڕگانەی کە چارەنوسسازن و لەبەرژەوەندی گەلەکەماندایە بۆئەوەی دواتر پەرلەمان و حکومەت بەهاوکاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کاتی ڕاپرسی لەسەر دەستوور دیاری بکەن کەمافی خۆیانە و بۆئەم مەبەستە دەتوانن ئاڵوگۆڕی پیروڕا بکەن و شێوازێکی چارەسەر بدۆزنەوە کەلەبەرژەوەندی گەلەکەمان بێت.
ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی و دیموکراتییەوە هەبێت لە دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەغدا ، دەتوانم بڵێم : مومکین نییە خەڵکی کوردستان ئازاد و دیموکرات بن هەتا ئازادییەکانی ئەوان زەوتکرابێ لەلایەن دەسەڵاتەوە و دەزگا پۆلیسی و موخابەراتییەکانیش بکەونە گیانی خەڵک لە کوردستاندا و لەباتی ئەوەی وەکری دوژمنان تێکبدەن و سیخورەکانیان دەستگیر بکەن و تەسلیمی دادگایان بکەن و قاچاخچی تریاک و حەشیشەو هیرۆیین قەلاچۆبکەن و فەسادی سێکسی لەشارەکانی کوردستاندا نەهێڵن و ئارامیی و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکەن لەباتی ئەمانە دێن پەلاماری خەڵکی ئازاد و دیموکرات دەدەن و ڕاپێچیان دەکەن بۆ بەردەمی دادگا!!! .
چاوی گەل/ ئەو کرانەوە سیاسییەی حکومەتی تورکیا بە ڕووی گەلی کوردا چۆن هەڵدەسەنگێنییت؟ پێتوانییە ئەمڕۆ کورد بە قۆناغێکی زۆر ناسک و هەستیاری وادا تێدەپەڕێت کە ئەگەر بە عەقڵانیی و دووربینیی و بیرکردنەوەیەکی ستراتیژییانە کاری بۆ بکرێت لە لایەن سیاسییەکانی کوردەوە بە گشتیی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا کورد دەگەیەنێتە ئەو قۆناغە باڵاییەی کە ١٠٠ ساڵ زیاترە خەونی پێوەدەبینێت؟ ئەگەر وایە بە ڕای بەێزت کورد لە ئاستی ئەم ڕووداوە سیاسیانەدایە؟ سیاسییە دەسەڵاتدار و حیزبییەکانی کورد دەتوانن بە ڕوسوری مێژوویەک بۆ خۆیان و گەلی کورد بە گشتیی تۆماربکەن؟ سیاسیی و حیزبەکانی گەلی کورد چییبکەن باشە لەم رۆژەدا بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە لە دەستنەچێت و خەونە نەتەوەیی و مرۆییەکانی گەلی کورد بێتە دی؟

عارف کەریم:
پرسی کورد لە کوردستانی باکوور ڕەگوڕیشەیەکی قووڵ و مێژوویی کۆنی هەیە کەدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان ، پێشئەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا بدۆڕێت و بڕووخێت ، کورد لەو بەشەی کوردستان شۆڕشی بەرپاکردووە بە سەرکردایەتی شێخ عوبێدوڵڵای نەهری لەساڵی 1880 دا ، لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیش 1914 و دامەزراندنی تورکیای نوێ بەسەرکردایەتی مستەفا کەمال لە ساڵی 1923 دا ، کورد هەر لەخەبات و تێکوشانێکی بێوچاندا بووە دژی ڕژێمی ئەتاتورک و ئەوانەی بە دوای ئەوێشدا هاتوون و چەندین جار شۆڕشی هەڵگیرساندووە کەبەداخەوە کپ کران و سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا ، دواتر بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان لەژێر باری چەوساندنەوەیەکی توندی بێوێنەدا بوو و بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵ دەکرا لەلایەن کەمالیست و شۆڤێنیستەکانی تورکەوە ، ساڵانێکی دووروو درێژ هیچ ڕووی نەدا ، بەڵام میللەتەکە هەر لە ئامادەباشیدا بوو کە جارێکی تر هەڵسێتەوە و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات ، ئەوەبوو لە سالی 1980 دا پارتی کرێکارانی کوردستان پاش درووستبوونی ، بریاری خەباتی پارتیزانی دا لە دژی ڕژێمی ئەنقەرە و توانی چۆک بەو دەوڵەتە دابدات و ناچاریان بکات بۆ دیالۆگ پاشئەوەی کەمالیستەکان و شۆڤێنیستاکان و ژەنەڕاڵەکانی ناو سوپا چییان لە دەست هات کردیان بەرامبەر بەکورد ، شۆڕشەکە هەتا ئێستایش بەردەوامە و سەرکەوتنی چاک چاکی بەدەست هێناوە ، ئەمە لەکاتێکدا شۆڕشی بۆرژوازی تورک کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی دەکرد و لە ئەنازۆل و ئەرز ڕوومەوە دەستی پێکرد ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کورد بوون ، هەروەها کۆمیتەی سەرۆکایەتی کۆنگرەی ئەرزرووم 1919کە لە هەشت کەس پێکهاتبوون ، سیانیان کورد بوون ، جگە لەو بەڵێنە زۆرەی کاتی خۆی مستەفا کەمال بە کوردی دا کە هەمووی درۆ و بۆ فریودانی کورد بوو و دوای دەسەڵات گرتنە دەست بە کوشتن و بڕینی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان و کاولکردنی گوندە کوردەکان و ڕاگوێزانیان وەڵامی کوردی دایەوە و لە هەموو بەڵینەکانی پاشگەز بووەوە .
ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 30ساڵ خەباتی چەکداری ، پارتی کرێکارانی کوردستان بەهۆی شێوازی خەبات و توندوتۆڵی ڕیزەکانی و پشتگیری جەماوەرییەوە لەو بەشەی کوردستان توانیان درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان بدەن دژی رێژیمی ئەنقەرە کە هەموو ڕێگایەکیان گرتەبەر بۆ لەناوبردنی ئەوان ، بەڵام لەدواجاردا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە میللەتێکی زیاتر لە 20 ملیۆنی بەوان لەناونابرێت و دەبێ بیر لە ڕێگاچارەیەکی تر بکەنەوە .
ئێستا چەند ساڵێکە پارتی داد و گەشەپێدان AKP دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست لە تورکیا و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن و دەیانەوێ هەنگاوی بەجێ بنێن لەو پێناوەدا و بەرنامەیەکیان پێیە بۆ ئەو مەبەستە ، چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی لابەلایان درووست کردووە و سەر بە AKP خۆیانن کە بانگەشەی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەن ، یەکێک لەو ڕێکخراوانە ناوی ئێکۆپۆلیتیکە Ecopolitik کەناوەندەکەیان شاری ئەستانبوڵە ، یەکێک لە درووشمەکانیان ئەمەیە : چەکەکان بێدەنگ بکەن ، با دیالۆگ بکەین ، ئەم ڕێکخراوە هەتا ئێستا دوو کۆنفرانسیان بەستووە ، یەکێکیان لە شاری ئەستانبوڵ و ئەوی تریان ساڵی 2011 لە شارۆچکەی شەقڵاوەی نزیک هەولێر بەستیان کە بەندە بەهۆی هەندێ برادەری کوردی سەر بەو ڕێکخراوەوە بانگ کرابووم و بەشداریم تێداکرد و 15 دەقیقە قسەم تێداکرد و بەتوندی دابەزیمە سەر سیاسەتی حکومەتی ئەنقەرە و پێم وتن : دەزانین پارتی داد و گەشەپێدان بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت و دەیشزانم کە دوژمنەکانی ئەوان ( کەمالیستەکان ، ئەرگەنە کۆن ، ژەنەڕاڵەکانی ناو سوپا ، کۆنەپەرستانی تورک و شۆڤێنییەکان ) ڕێگرن لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەی میللەتێکی چەوساوەی زیاتر لە 20 ملیۆنی لە تورکیا ، دڵنیابن کە ئەو میللتە بە تانک و تۆپ و فرۆکە جەنگییەکانی حکومەتی تورکیا لە ناو ناچێ و کۆتایی نایەت و تادێت هەر بەهێزدەبێت ، بۆیە ئەگەر بتانەوێ چارەسەری کێشەی کورد بکەن ، دەبێ لەپێشانا ئێوەیش چەکەکانتان بێدەنگ بکەن و دەست بخەنە دەستی ئەوانی تر و گۆڕانکاری لە دەستوورەکەتاندا بکەن و جێگەی کوردی تێدا بکەنەوە بۆئەوەی هەموان بە هەردولا پێکەوە ئاشتی و دیموکراتی بەرقەرار بکەن لەوبەشەی کوردستان و ئەوەی دەیدەن بەچەک و تەقەمەنی ، خەرجی بکەن لە بواری ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا و ئیتر خۆتان ڕابێنن لەگەڵ وشەی کورد و کوردستان و پێی دانەچلەکن و بۆتان قورس نەبێت ناوی بەرن و بەکاری بهێنن ، ئەوەندەی دەشتوانن پەیوەندییەکانتان لەگەڵ گەلی کورد لە باشووری کوردستان چاک بکەن و هانی برا تورکمانەکان بدەن کە خۆیان بەبرای کورد بزانن و هاوکاری بکەن و خۆیان بە هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بزانن نەکە بەشەکەی تر لە عێراقی عەرەبی بۆئەوەی بەهەموولایەک داهاتوویەکی باشتر و ڕووناکتر پێک بهێنین چونکە ئێمە هەموو لایەکمان پێویستیمان بەیەکتر هەیە و دەبێ پاڵپشتی یەک بین و لەژێر چەتری ئازادی و دیموکراتی و یەکسانیدا پێکەوە بژین .
بێگومان هەموو وتارێکی ناو ئەم کۆنفرانسە بەدەمی یان بە نووسین ، هەمووی وەردەگێردرا بۆ زوبانی تورکی و لەسەر کاسێتی تایبەت تۆماردەکرا ، ئەمەی سەرەوە بەشێک بوون لە قسەکانم و دەقەکەم بیر نەماوە ، کە قسەکانم تەواوکرد تورکەکانی سەر بە ئێکۆپۆلیتیک پیرۆزباییان لێکردم و قسەکانی منیان بە دڵ بوو و پێیان خۆش بوو ئاوا بە ڕاشکاوی قسەم کرد . من بۆیە ئەمەم تێکەڵ بە وەڵامەکە کرد چونکە گۆڕانێک لە سیاسەتی حکومەتی تورکیادا هەیە .
ئەم کرانەوە سیاسییەی حکومەتی تورکیا ئەهمیەتێکی سیاسی گەورەی هەیە و پێویستە کوردیش ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات بەهۆ ی ئەوەی تورکیا دەوڵەتێکی ئیقلیمی گەشەکردووی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەندامی ناتۆیە و بەدەیان بنکەی سەربازی ئەوان لە خاکی تورکیادا هەیە و سنووری بە چەند وڵاتێکی ناوچەکەوەیە کە لە ئاسیای ناوەڕستەوە دەست پێدەکات و لە وڵاتەکانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست کۆتایی دێت، هەروەها تورکیا سنوورێکی پان و بەرینی لەگەڵ ئێران و عێراق و سوریادا هەیە کە بەشەکانی کوردستانی ئێمەی تێدەکەوێ ، هەروها تورکیا بەشێک لە خاکەکەی دەکەویێە ئەوروپاوە و بەم پێیە دەروازەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە ساڵانیکی زۆرە لەهەوڵ و تەقەلای بێوچاندایە بۆ بوونە ئەندام لە یەکیتی ئەوروپا ، دیسان تورکیا تاکە وڵاتێکە کە کوردستان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە بەتایبەتی ئەمڕۆ کە هەرێمی کوردستان بەهۆی سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە توانیویەتی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان کۆبکاتەوە لە خاکەکەیدا و چەندین کۆمپانیای گەورە گەورەی ناسراوی ئەمەریکایی و ئەوروپایی لەوێ خەریکی گەڕانن بەدوای نەوت و گازدا ، لەبەرئەوە ئەگەر کورد بووە وڵاتێکی سەربەخۆ لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا ، ئەوە تورکیایە کەدەبێتە دەروازەیەکی گەورەی بازرگانی بۆ ڕەوانەکردنی بەرهەم و کاڵا و شتومەکی کوردستان بۆ دەرەوە ، هەروەها بە پێچەوانەوە ، بۆیە دەتوانم بڵێم کلیلی چارەسەری کێشەی ئێمە وداهاتووی ئێمە لەتورکیایە و چەند بکرێت دەبێ هەوڵ بدرێت بۆئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شێوازی خەباتکردن بگۆردرێت بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و سیاسی و ئاشتی خوازانە .
ساڵانی پێشتر بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا ( مەبەست کوردستانی باشوورە ) بە دوای خۆیاندا دەگەڕان و سیاسەت و گەڕەلاوژەیان تێکەڵ بە یەکتر کردبوو ، لەئاستیی ئەو قۆناخەدا نەبوون کە زلهێزەکان لەدوای داگیرکردنی کویت و ڕووخاندنی سەددام بۆیانی خولقاندبوو و هەر لایە شەڕی لەگەڵ تڕ و سێبەری خۆی دەکرد ، جگەلەوەی خەریکی شەڕوئاژاوە و پیلانگێڕان بوون دژی لایەنە سیاسییەکانی تر لە بەشەکانی تری کوردستان بە تایبەتی کۆمەڵە و دیموکرات و پارتی کرێکاران لە باکوور .
هەندێکیان وا تێگەیشتبوون کە پادشای کوردستانن لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بەبێ ئەوان هیچ شتێک جێبەجێ نابێت لەم کوردستانە پان و بەرینە ، بەڵام دواتر ورد ورد هەلومەرجی سیاسی و شەقی زەمانە و زللەی رۆزگار و چاوسوورکردنەوەی زلهێزەکان ئەمانی فێرکرد و چالاکییەکانی ئەوانی سنووردارکرد و فێری سیاسەتیان کردن .
لێرەدا دەمەوی بڵێم ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا دەتوانێ خۆی دووربگرێت لە شەڕوئاژاوە ، ئەگەر بە ئەقڵ و مەنتیق کار بکەن و بەباشی واقیعی خۆیان بخوێننەوە و لە ڕاستییە مێژوییەکان باش تێبگەن و لەو ڕاستییە بگەن کە داگیرکەرانی کوردستان دوژمنی کوردەو هیچ حزبێکی کوردستانی لەم بەش یان ئەو بەشی کوردستان ناکۆکی سەرەکی نییە و نابێ مامەڵەی دوژمنی لەگەل بکرێت و پێویستە پشتگیری لە خەبات و تێکۆشانیان بکرێت لەهەر شوێنێک هەبن ، ئەگەر ئەمەیان کرد ئەوا تووشی شەرو بەیەکدادان نابن لەگەڵ ئەوانی تر ، ئەمە لەکاتێکدا هەموومان ئەو ڕاستییە باش دەزانین کە زەرفی سیاسی و مەوزووعی لەم بەشانەی کوردستان وەکوو یەک نین و هەرلایەکی سیاسی کوردستانی بە شێوازی جیاجیا ملی خەبات و تێکۆشانی گرتۆتەبەر و حزب و ڕێکخراوەکانی تر دەبێ پشتگیرییان لێبکەن لەپێناوی سەرخستنی ئەو تێکۆشانە بۆئەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینەی هاتۆتە کایەوە بۆ کورد لەدەست دەرنەچێت و خەونە کوردستانی و نەتەوەییەکانی ئێمەی تیا بێتە دی .

عارف کەریم/ ستۆکهۆڵم
02/06/2013

Share